هونەر، موسیقا، وێژه و ئەدەبیات و:هتد لەو بوارانەن کە تەنیا بە وەرچەرخاندنی نووکی خامە یان کەڵک وەرگرتن لە واژەیەک، دەتوانی مرۆڤی شۆڕشگێڕ بگۆڕێ بە مرۆڤێکی کۆنەپەرست و دواکەوتوو. مۆسیقای ئێرانی و بە گشتی رۆژهەڵات و تەنانەت ئیسپانیۆلی و ئینگلیسی و ئاڵمانی و…لە بەستێنی جینسی و سێکسیدا چەقیان بەستووە. مۆسیقای پێرمیتۆ و لاواز لە ئوروپادا لایەنگری زۆری هەیە. هەر ئەوەندە بەسە کە ئاوازی راپ بچڕی و مۆسیقای راپ و بە تایبەت ئەگەر لایەنی مێینە تێیدا زەق بکرێتەوە، بە جۆرێک لە ئوروپادا ناوازە دەبێ و لایەنگر لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە کە لە چاوتروکانێکدا ناو و ناوبانگێکی گەورە بۆ خۆی دەستەبەر دەکات، بەڵام ئەو هونەرمەندانەی کە پەنجە دەخەنە سەر بابەتە گرینگ و هەستیارە کۆمەڵایەتیەکان و ململانێ چینایەتیەکانی کۆمەڵگا نیشان دەدەن و هەوڵ دەدەن ناکۆکیە چینایەتیەکان، هەڵاواردنی جینسی و رەگەزی لە هونەرەکەیاندا رەنگ بداتەوە، کەمترین بیسەر و لایەنگری بۆ پەیدا دەبێت و لە پەنا کارە هونەرییەکەدا بێگومان دەبێ پەنا بۆ کاریتر بەرێت.
بارودۆخی روژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بوارەدا ئاڵۆزتر و نالەبارترە. ئەوەی من لەو بابەتەدا هەوڵ دەدەم ئاماژەی پێبکەم مۆسیقای شێوا و بێ دەر و پەیکەری کوردییە. لە نێو خوێنەرانی کورددا رەنگە کەمتر کەسانێک هەڵکەون کە مۆسیقای شۆڕشگێڕانە و بنەڕەتیان بەرهەم هێنابێت. بە هەڵکەوت کەسانێک بەرچاو دەکەون کە لەو بەستێنەدا مەسەلە کۆمەڵایەتی و چینایەیەکانیان تاو و توێ کردبێت، بەڵام بەڕێژەیەکی بەرچاو و بە لێشاو کەسانێک دەبینی کە شیرازەی هونەریان لە گرێژنە بردووە و ناوی “هونەرمەندیان” لەسەر خۆیان داناوە کە بەداخەوە بێجگە لە ورووژاندنی هەستی هەوەسبازانە و سووکایەتی بە کەسایەتی ژن، هیچیتری تێدا بەدی ناکەی. لە کوردستانی ئێران بەو جۆرە کەسانە دەوترێ “لۆتی”. پێناسە کردنی لۆتی بە هونەرمەند سووکایەتی بە هونەری راستەقینەیە. نموونەی ئەو جۆرە لۆتیانە کە سەرتاسەری گۆرانیەکانی سووکایەتی و بێ رێزی بە ژنانە، کەسێکە بە ناوی عەزیز وەیسی، “هەرمێ و هەڵووژە و قەیسی”!. ئەو بە ناو هونەرمەندە! کە بچووکترین کێشە و ناکۆکی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی نەبووە و نیە، نزمترین و دژی ئینسانیترین و رەوشتی دزێوی کۆنەپەرستانە و مەزهەبی و خڕوقاتی هەوەسبازانەی پیاوێکی سووک و چروک لە چوارچێوەی ئاوازێکی ژاراوی دەرخواردی خەڵک دەدات و لایەنگرانێکی زۆری لە نێو کۆمەڵگای دواکەوتوو و عەشیرەیی کوردستانی ئێران و عێراق و هەتا رادەیەکیش لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ خۆی دۆزیوەتەوە. شایانی باسە کە سەدان هەزار سی دی و دی ڤی دی عەزیز وەیسی لە کوردستانی عێراق فرۆشراوە و عەقڵی خێڵەکی و عەشیرەیی ئەو ناوچەیە، رۆڵی گەورەی لە ساماندار بوونی ناوبراو هەتا ئاستی میلیۆنێڕی گێڕاوە.
بۆ نموونە عەزیز وەیسی لە گۆرانیەکانیدا سووکایەتی بە بێوە ژن دەکات و بە دەستی دووی پێناسە دەکات و دەڵێ: “بێوەژنە دەستی دووە – بەدبەختی دەستی خەسووە” و کچێک کە لە پێش هاوسەرگیریدا پەیوەندی سێکسی گرتووە، بە شووشەیەکی شکاوی دەشوبهێنێ و لە روانگەی گەندەڵی ناوبراوەوە وەک کاڵا سەیری دەکات و نرخ و بایەخی نامێنێ. ئەو خڕوقاتە کۆنەپەرستانەیە دەخاتە چوارچێوەی ئاواز و موسیقا و دەرخواردی خەڵکی دەدات و خاڵی سەرنج راکێش و جێگای پرسیاریش ئەوەیە کە مرۆڤە بە رواڵەت پێشکەوتنخواز و لە راستیدا گێل و نەزانەکان، بەو گۆرانی و ئاوازانە هەڵدەپەڕن و دەکەونە هەلەکە سەما.
کارەساتی دڵتەزێنتر ئەوەیە کە ژنانی گۆرانی بێژی مێشک بەتاڵیش ئەوانە کاوێژ دەکەنەوە و وەکوو توتی دەمەلاسکەی ئەو ئاهەنگانە دەکەنەوە و بە چڕین و وتنەوە و دووبارە کردنەوەیان، گەورەترین سووکایەتی بە خۆیان و نیوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە ژنانن، دەکەن.
کۆمەڵناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆمەڵگای مۆدێڕن، چەند قات لە کۆمەڵگای سوننەتی و کۆن ئاڵۆزترە. بەڵام زۆرجاران فەرهەنگ و کلتوری جەماوەری خەڵک، گۆڕان و وەرچەرخان لە کۆمەڵگای سوننەتییەوە بەرەو کۆمەڵگای مۆدێڕن، زیاتر ئاڵۆز و تێکچڕژاوتر لە کۆمەڵگای مۆدێڕنە، چونکە بە پێی وتەی دوورکهایم لەو هەلومەرجەدا کۆمەڵگا ناسەقامگیرە و گرفتە کۆمەڵایەتیەکان دێنە ئاراوە و سەرهەڵدەدەن. لە ئوروپا بەشێک لە خەڵک ئەوەیان سەلماندووە کە بڕوایان بە هیچ دینێک نیە و یان دیندارن.
لە ئوروپادا ئەوە سەقامگیر بووە کە کەسێک مافی ژن بە رەسمی دەناسێ یان بەرەسمی نایناسێت. بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و کوردستان بارودۆخەکە جیاوازتر و پێچەوانەی ئەوەیە، کەسێک کە لە هەمان کاتدا ئارەق دەخواتەوە، نوێژیش دەکات و رۆژووش دەگرێت و بە پەیکێک لە ویسکیەکە بەربانگ دەکاتەوە و بەزەیی بە هیچ گیاندارێکی بێ زمانیش دانایەتەوە. کومونیزم دەکاتە رێبازی و تێئۆری بۆ دادەتاشێ و سەرفترە دەدا بە مەلای عاقڵ کورتی شاقەل درێژ و لە پرسە و سەرەخۆشیەکاندا دەنگی “فاتحە” دادانی دەگاتە پەڕپەرۆچکەی ئاسمان. کەسەکان لە ئێران ئیدیعای “پێشکەوتن و مۆدێڕنیتە” دەکەن، بەڵام ئاکار و کرداریان هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ مەلایەک و ئاخوندێک نیە. باس لە ئازادی و یەکسانی دەکەن بەڵام بە ئاواز و موسیقای کۆنەپەرستانەی دژی ژن و بێ گوێدان بە ناوەرۆکی دەقی گۆرانیەکە دەکەونە سەما و هاوسەرەکەی وەک تەیرێکی بێ پەڕ و باڵ لە کونجی ئاشپەزخانەدا دەستبەسەر و وەک کۆیلەیەک رەفتاری لەگەڵ دەکات. باس لە مافی منداڵان دەکات و خۆی بە کومونیستی پوختە و پاڵاوتە دەزانێ بەڵام هیچ شەوێک نیە کە مناڵەکانی بە بێ لێدان و ئەزییەت و ئازاردان شەو بە رۆژ نەکەنەوە. بێگومان فەرهەنگ و کلتوری زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، فەرهەنگی داسەپاوی چینی باڵادەستە بەڵام لە کوردستانی ئێران لە مێژ ساڵە کە خەڵک دژی چینی دەسەڵاتدار و کۆماری ئیسلامین و خۆیان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بە بێگانە و نامۆ دەزانن. ئیدیعا دەکەن کە پێگەی چەپ و کومونیزم لە کوردستانی ئێران بەهێزە!! بەڵام بەڕاست پرسیار ئەوەیە ئەوە چ جۆرە چەپ و کومونیزمێکە کە ناتوانێ بەگژ ئاژاوە گێڕان و تێکدەراندا بچێتەوە و فەرهەنگی خۆی سەقامگیر بکات. ئایا ئەو چەپ و کومونیزمە “بەهێزە”ی کوردستان ناتوانێ بەرادەی لات و لۆتیەکی وەک عەزیز وەیسی خەڵک لە دەوری خۆی بکاتەوە؟!
خەڵکانێک هەن کە حازرن لە پێناو گۆرانیە بێ ناوەرۆک و دواکەوتوانەکانی عەزیز وەیسی چاوپۆشی لە نانی شەوی خێزانەکەیان بکەن و پارو لە دەمی خاو و خێزانی بگرێتەوە، بەڵام بتوانێ سی دییەکی ئەو بکڕێت، بەڵام بەداخەوە ئەگەر سی دی و دی ڤی دی رێبەرێکی کرێکاری بڵاو بکەیتەوە و بیدەی بەخەڵک و تەنانەت پارەیەکیشی لەگەڵ بدەیتێ کە گوێی لێ بگرێت، بۆی گرینگ نیە و وەک مێشێکیشی میوان نەبووبێ وایە!! لەوانەیە بڵەن بارودۆخەکە لە بواری ئاسایش و ئەمنیەوە گونجاو نیە. ئەوە راستە بەڵام ئەمنیەتی بوونی بارودۆخەکە نابێ ببێتە پاکانە کردن بۆ ئەوەی کە گوێ لە خڕوقات و هاتەران پاتەرانی کۆنەپەرستانەی ئەو ئاواز و موسیقایانە بگرن کە بناخەی کۆمەڵگای پێ لە گرێژنە دەبەن و بوار بۆ لەش فرۆشی و سووکایەتی بە ژن خۆش بکەن.
موسیقای رەسەنی کوردی یان پەرە پێدان بە دەستدرێژی بۆسەر ژنان؟
هەڵاوارن و سووکایەتی بەژن، لە پەیوەندییە چیانیەتیەکان، دەرەبەگایەتی، سەرمایەداری و مەزهەب و عەقڵیەتی خێڵەکیەوە سەرچاوە دەگرێ. هەتا ٤٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵگای کوردستان پێکهاتەیەکی تەواو دەرەبەگایەتی هەبوو، پاش راپەڕینی ٥٧ پاشماوەکانی پەیوەندییە ئابورییەکانی دەرەبەگایەتی هەڵوەشایەوە، بەڵام فەرهەنگی دەرەبەگایەتی و عەشیرەیی هەتا ئێستاکەش قورسایی بە سەر کۆمەڵگادا دەکات. زۆرن ئەو کەسانەی کە ئێستاکەش لە کوردستان پاشگر و پێشگری شێخ و خان و ئاغا و دەرەبەگیان هەیە، خۆێنی خۆیان پێ لە کەسانیتر گەشتر و خۆیان بە مەزنتر دەزانن و خەڵک بە نۆکەر و ژێردەستەی خۆیان دەزانن. دە ساڵ لەوەپێش لە ئێران دراوسێیەکمان هەبوو کە خۆی بە شێخ و نەوەی پێغەمبەری ئیسلام دەزانی و جل و بەرگە سەوزە کۆن و بۆگەنەکەی دەدڕاند و پارچەیەکی بە نیشانەی پیرۆزی و تەبەڕوک و بەڵاگێڕەوە بە خەڵکی دەفرۆشت و دەیفەرموو! کە کچەکانی من تەنیا دەبێ لە گەڵ شێخ هاوسەرگیری بکەن. شایانی باسە کە ئەو جەنابە یەکێک لە مۆرەکانی ئیتلاعاتی ئێران بوو. پەیوەندی بەرهەمهێنان و فەرهەنگ و داب و نەریتی دواکەوتووانە، نەیار و ئۆپۆزیسیۆنی دواکەوتوو و هونەر و ئەدەبیاتی دواکەوتووانە بەرهەم دێنێت. هەر ئەوەندە بەسە کە سەر پێی بە نێو شەقام و کۆڵانەکانی شارەکانی ئێراندا پیاسەیەک بکەیت، بە گوێی خۆت هەزاران مەتەڵۆک و قسەی ناشیرین و سووکایەتی بە ژنان دەبیسی کە بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەو فەرهەنگە ئاشنایەتیان نیە و زانیاریان کەمە، سەریان سوڕ دەمێنێت و دەحەبەسێن و بۆیان تەحەموول ناکرێت. قسەی سەری زمان و بنی زمانیان و وتە شیرینەکانیان، باس باسی پەیوەندی سێکسی و جووت بوونە و جنێودان کە ئەویش هەمیشە سووکایەتی بە ژنان و مێینە بوونی ئەوانە. بێگومان کاتێک کە کۆمەڵگا هەتا ئەو ئاستە کۆنەپەرست و دواکەوتوویە، کەسانی وەک عەزیز وەیسی دەبن بە هێما و کارێزما و نموونە. گەلێک گۆرانی بێژ هەن کە زیاتر لە ناوبراو دواکەوتووتر و کۆنەپەرسترن. حەسەن زیرەک کە لە کوردستان دەیپەرستن و یەکێک لە خۆشەویستانی خەڵکە، زۆربەی ئاهەنگ و گۆرانیەکانی بە سەر سینگ و مەمک و سمت و کۆئەندامی زاو و زێی ژنان هەڵدەڵێ و سووکایەتیان پێدەکات و تەنانەت زۆرجاران هەتا ئاستی ئاژەڵ نزمیان دەکاتەوە و لە یەکێک لە گۆتانیەکانیدا دەڵێ: “حەیفە بۆ ماینی کەحلان، سواری بێ گۆڵە بارگین”.
ئەو هەموو ناتەباییە چۆن چارەسەر دەکرێت؟!
مۆسیقا و ئاوازی کوردی بە تەواوی پیاو سالارانە و دژی ژنانە. دەوترێت کە لە کوردستانی ئێران کە رەوتی چەپ و کومونیزم لە بەشی باشوری کوردستان پێگەی قوڵی کۆمەڵایەتی هەیە و چالاکە، بەڵام هەر لەو ناوچەیە ئێستاش ژنان و پیاوان لە دوو ریزی جیاجیادا هەڵدەپەڕن و بڤەیە دەستی نامۆ بەریان بکەوێت! لە باکوری کوردستانی ئێران کە بە درێژایی مێژوو پێگەی حیزبی دێموکڕاتی کۆن و نوێ بووە و حیزبی دێموکڕات کە حیزبێکی تەواو کۆنەپەرست و دواکەوتوویە بە پێچەوانەی بەشی باشوری کوردستانی ئێران ژن و پیاو دەست لە نێو دەستی یەکتر و شان بە شانی یەکتر هەڵدەپەڕن و گەڕی رەشبەڵەک دەگرن. ئەگەر کومونیست بوون پێوانەیەک بۆ ئازادیخوازیش بێت، کەوابوو پێویستە لەو شوێنانە کە کومونیستەکان چالاکیان هەیە، رەوتی ئازادیخوازی بەرینتر بێت و ژنان ئازادانەتر هەڵس و کەوت بکەن و کەمتر بەربەست و ئاستەنگیان لەبەردەم بۆ بخوڵقێت و ئەگەر ناسیۆنالیزم و مەزهەبیش بە دیاردەیەکی کۆنەپەرستانە و دواکەتوو بزانین کەوایە دەبێ لەو شارانەی کە حیزبی دێموکڕات پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە کە حیزبێکی ناسیۆنالیست و مەزهەبیە، ژنان زیاتر لە ئازادی بێبەش ببن!! کام یەک لە رێبەرانی حیزبە سیاسیەکان دەتوانن وڵامی گونجاو و ئوسولی بەو ناتەباییە بدەنەوە؟. رەوتەکانی چەپ و راستی ئێران و کوردستان تەنیا دەزانن بانگەشەی بێ بنەما بۆ خۆیان بکەن و خڕوقاتی بیر و زەینی گەندەڵی خۆیان دەرخواردی کۆمەڵگا بدەن. هیچ کومونیستێک بەدی ناکەم کە بە شێوەیەکی ورد و زانستیانە و بنچینەیی ناتەباییەکانی تاو و توێ کردبێت و تۆژینەوە لەسەر کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی ئێران و کوردستان بکات.
لە نێو کام یەک لە رەوتە سیاسیەکاندا، هەڵوێست و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانە لە دژی ئاواز و مۆسیقا و بە گشتی هونەری دواکەوتووانە و گەندەڵی دژی ژن و دژی مناڵان، سەری هەڵداوە و بەرپەرچی ئەو رەوتە گەندەڵ و کۆنەپەرستانەی داوەتەوە.؟ ئەو چەپەی کە تەنیا رواڵەت دەبینێت و چاوەڕوانی موعجیزەیەکە و لە ئاسمانەوە گۆڕانکاری بەدی بێت، بە تەواوی لە گوێی گادا خەوتوون.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵەم کە خەبات لە دژی فەرهەنگ، هونەر و ئەدەبیاتی دواکەوتووانە و مەزهەبی، ئەرکی تێکۆشەرانی سیاسی نێوخۆی وڵات و خەباتگێڕانی حیزب و رێکخراوە سیاسیە چەپ و کۆمونیستەکانە و گرینگی نەدان بەو خاڵە و کۆمەڵێک مەسەلەی لەو چەشنە و هەروەها لە لایەکیترەوە هەوڵ و تەقالای رەوتی هەلپەرست و ناسیۆنالیستی وەک پ کا کا کە لەم دواییانەدا پڕوپاگەندە بۆ ئانارشیزم و سۆسیالیزمی دەرەبەگایەتی دەکات، لە پەیوەند لە گەڵ بچووکترین دیاردەکان، جەماوەری بوونی ئەو رەوتەی بە شوێنەوە بووە و دەبێت. من خۆم بە تەواوی دژی ئیدئۆلۆژی کۆنەپەرستانە و هەلپەرستانە و سۆفیانەی پ کا کا هەم و بەردەوامیش رەخنەکانی خۆم ئاراستەی دەکەم، بەڵام نابێ گومانمان هەبێت کە چەپ و کومونیزمی ئێران و کوردستان بۆ درێژە پێدانی خەبات و تێکۆشان لە کوردستانی ئێران، دەبێ داوای مۆڵەت لە پ کاکا بکات و ئەوەش بۆ ئەو رەوتانە بە مانای شکست و کارەساتە! بەرهەمهێنانی هونەری شۆڕشگێڕانە و پێشڕەو و رادیکاڵ و هەوڵدان بۆ خاشەبڕ کردنی هونەری دواکەوتووانە و لۆتیانە لە کوردستان، ئەرکی ئێستای ئەو کەسانەیە کە بیر لە داهاتوویەکی گەش و بەدی هاتنی یەکسانی و بەدوور لە هەرچەشنە هاڵاواردنێکی جینسی و رەگەزی دەکەنەوە. دەبێ لێبڕاوانە بەرپەرچی ئەو رەوتە ئاڵۆز و دواکەوتووانەیە بدرێتەوە و رەوتی کۆنەپەرست دەمکوت بکرێت و رەخنەی لێبگیرێت و لە هیچ هەلومەرجێکدا چاوپۆشیان لێنەکرێت. دەبا خەڵک کەمێک بیربکەنەوە و پێش ئەوەیکە بکەونە هەلەکە سەما، سەرنج بە ناوەرۆکی گۆرانیەکان بدەن و بزانن کە ئەوانە سووکایەتی بە خۆیانە یان نا؟!
نووسینی: حەسەن مەعارفی پور
وەرگێڕانی: بێستون